دەستبەسەری لانیکەم 1000 هاوڵاتی ناڕازی خوزستان تەنیا لە ماوەی یازدە ڕۆژدا

KMMK:

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دوابەدوای ناڕەزایی دەربڕینەکانی ئەم دواییانەی نەتەوەی عەرەب لە خوزستان، کە لە 4ی گەلاوێژی 2721ی کوردییەوە دەستی پێکردووە، لانیکەم 1000 کەس دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئینتزامییەکان، یەکەی تایبەت، ئەو هێزانەی جلی مەدەنیان لە بەردایە، هێزە ئەمنییەکان، هێزە ئیتلاعاتییەکان و هێزەکانی بەسیج، هێرشیان کردۆتە سەر ناڕەزایی دەربڕینە مەدەنییەکانی خەڵک لە خوزستان، خەڵکیان بەر کوتەک و لێدان گرتووە و نێزیک هەزار کەسیان دەستبەسەر کردووە.

لە هەندێ شار و تەنانەت گوندەکانیش، هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان شەوانە یان بەیانیان زوو هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاوڵاتیان و بە کوتەک و لێدان دەیان گوازنەوە بۆ شوێنگەلێکی نادیار.

لە هەندێ حاڵەتدا تەنانەت بنەماڵەی کەسی دەستبەەریش کە بەرگری دەکەن لە بەرانبەریاندا دەستبەسەر دەکەن و لە گەڵ خۆیان دەیانبەن بۆ شوێنی نادیار.

شیاوی باسە لە ڕووداوی ناڕەزایی خەڵک لە خوزستان، لانیکەم 8 کەسی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی خۆیان لە دەست داوت. سیاسەتی حکوومەتی ئێران بووە بەهۆی قەیرانی ئاو لە ناوچە عەرەب نشینەکانی خوزستان و دیکەی ئەو ناوچانەی عەرەبی لێ نیشتەجێن و گەلی عەرەبیش وەکوو ناڕەزایی دەربڕین ڕژانە سەر شەقامەکان و پاش گەورەبوونەوەی سەرهەڵدانی مەدەنیانە، خوازیاری مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان بوون. کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵامی ئەوان، دەستی دایە سەرکوتی توندوتیژانەی خەڵکانی ناڕەزامەند. تا ئێستە هەشت کەسیان کوشتوە و لانیکەمیش هەزار کەس دەستبەسەر کراون.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *