راستییە نەوتراوەکان لەسەر کوشتنی ژنێک لە شارۆچکەی حەسەن ئاوای سنە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە

ک.م.م.ک:
چوارشەمە ۱٨ـی جۆزەردانی ۲۷۲۲ـی کوردی، ژنێک بەناو سەرگوڵ ئەکبەری ۴۵ ساڵە خەڵکی ئاوای هەشەمێز بە سێ لێدانی چەکوشی ئاڵموتوور بەنی لەسەری لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەناو عیرفان رەشیدی ۴٨ ساڵە خەڵکی ئاوایی کەڕەسی و دانیشتووی شارۆچکەی حەسەن ئاوای سنە، بریندار بووەو لە دوای گوێزانەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەست داوە.

لە گفتگۆیەک دا کە هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ کەسێکی نزیک لە رووداوەکە کردوویەتی، کەسەکە دەڵێت: دوانیوەڕۆی چوار شەمە کاتژمێر ۳و ۳۰ خولەک لە دوای دەمەقاڵێ و تێکهەڵچوون لە نێوان عیرفان رەشیدی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی، بە چەکوشی ئاڵموتوور بەنی هێرشی کردووەتەسەر هاوژینەکەی و سێ لێدانی لەسەری سەرگوڵ ئەکبەری داوە.

سەرچاوەکە دەڵێت: ناوبراو خاوەنی سێ منداڵ بە ناوگەلی کیژان ۱۵ ساڵە، موژگان ۱۰ ساڵە و ئەشکان ۲۲ ساڵە ـن و عیرفان رەشیدی تووشبووی مادەی هۆشبەر بووەو دوای ئەوەی لە هاوژینەکەی دەدات، هێرش دەکاتە سەر کچەکەی ودەستی موژگانی کچیشی لە دوو لاوە دەشکێنێت.

سەرچاوەکەی هەروەها دەڵێت: دوا ئەوەی جیرانەکان بە دۆخەکە دەزانن، سەرگوڵ دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە و لەوی ناوبراو بەهۆی کاریگەری برینەکانی گیانی لەدەست دەدات.

جێگای ئاماژەیە، دواتر عیرفان رەشیدی لە ماڵەوە هەڵدێت و بە پێی سەرچاوەکە پولیسی ئاگایی و هێزەکانی دژی تاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شوێندا دەگەڕێن.

بەپێی ئەو زانیاری گەلەی بە دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، عیرفان رەشیدی پێشینەی دەسدرێژی لەسەرمنداڵەکانی بووەو ناکۆکی و شەڕ و ئاژاوەی زۆری بۆ دەورووبەر و بنەماڵەکەی درووست کردووە.

شایەنی باسە، تا کاتی داڕشتن و بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هێزەکانی ئاگاهی کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێوماڵی ناوبراودان و رێگانادەن هیچ هەواڵنێرێک زانیاری و وێنەلەسەر رووداوەکە وەدەست بخات.

شایەنی باسە عیرفان رەشیدی سەرلە بەیانی رۆژی پێنج شەمە ۱۹ جۆزەردان کاتێک لەناو تاکسییەک دا بوو لەلایەن هێزەکانی ئاگاهی ئێران لەسنە دەستبەسەر کرا.
م.ە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *