یەحیا یاری سەربازی یارسانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا/ خۆکوشتنی سەربازانی یارسانی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: رۆژی دووشەممە ۲۳ی رێبەندانی ئەمساڵ سەربازێکی کوردی یارسانی لە سەربازخانەی نیزامی سپا لە گەیلان غەرب (شەهید سابت خاە) دەستی دایە خۆکۆژی.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: “یەحیا یاری تەمەنی ۲۴ ساڵان و خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاوە و بە هۆی رەت کردنەوەی داواکاری گواستنەوەی بۆ شوێنی ژیانی بنەماڵەی (سەر پێڵ زەهاو) دەستی داوەتە خۆ کوشتن و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.”

بە پێی وتەی سەرچاوەکە: ” ئەم سەربازە کە گیانی لەدەست داوە خەڵکی شاری سەر پێڵ زەهاو بووە و بە هۆی گرفت و کێشەگەلی بنەماڵە بومەلەرزە لێ داوەکەی لەو سەربازخانە کە خزمەتی تێدا دەکرد لە گەیلانی غەرب داوای گواستنەوەی کردووە کە پاش رەت کردنەوەی داواکاریەکەی لەلایەن بەرپرسی سەربازگەکەوە ، خۆی کوشتووە.”

جێگای وەبیر هێنانەوەیە: کە لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا سەربازێکی تری پێڕەوی ئایینی یارسانی بە ناوی ” ساسان مورادی ” بە هۆی نا بەرابەری ئایینی و چارەسەر نەکردنی کێشەکان، لە سەربازخانەی فێرگەی هێزی ئینتزامی سەرئاو نیلوفەڕ دەستی دایە خۆکوژی و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

خۆکوژی سەربازە یارسانیەکان بە هۆی نا یەکسانی ئایینی و مەزهەبی کە دەسەپێندرێت بسەریاندا، لە سیستەمی نیزامی ئێران لە ساڵانی رابردوشدا هەروەها روی داوە، لە ۱۷ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۹۳ حیکمەت سەفەری سەربازی یارسانی بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی بەرپرسان و کاربەدەستانی سەربازخانە بەرگری سپای کۆماری ئیسلامی لە شاری بیجاڕ بە چەکی سەربازی خۆی، دەست دەداتە خۆ کوشتن و پێش ئەوەی هەوڵی خۆکوژی بدات بنەماڵەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.

لە مانگی خەزەڵوەری ۱۳۹۳ لە سەربازخانەی ناسراو بە (ئەبوزەر) لە سەرپێڵ زەهاو سەربازێکی تری یارسانی بەناوی “یاسر زارەعی میر حەساری” بە هۆی نا یەکسانی دارژاوی ئایینی و نەتەوەیی لەو سەربازخانەیە، دەستی دایە خۆکوشتن و گیانی خۆی لەدەست دەدات.

پێڕەوانی ئایینی یارسانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە بواری نەتەوەیی (کورد بون) و ئایینی (یارسانی بون) بەردەوام لەژێر گوشار و نابەرابەریدان.

لە سەرەتاکانی شۆڕشی ۵۷، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی بە زۆر ئیسلام کردنی ئایینگەلی کەمینە و نافەرمی بەهایی و یارسانی بووە و بە هەوڵگەلی بەرین و نابەرابەرانە و هەڕەشەو و تۆقاندن هەوڵ دەدات پێش بە بەڕێوە بردنی رێوڕەسمی ئایینی یارسانی بگرێت و هەوڵی بەشدار کردنیان لە نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوتەکان و بەشداری لە رێوڕەسمی ماتەمینی موحەڕەمی یارسانیەکان دەدات و ئەم نابەرانبەریانە تا ئەم کاتەش درێژەیان هەیە و بەردەوامن.

بەگوتەی بڕێک سەرچاوە، ئایینی یارسانی لە سەدەی چوارەمی کۆچی سەری هەڵداوە کە کۆکراوەیەکە لە ئایینگەی زڕیانی ، زەردەشتی و میترایسم.

کۆمەڵگای پێڕەوانی ئایینی یارسانی پێک هاتووا لە بڕی چوار ملیۆن کەس کە لە چوار پارچەی کوردستاندا ژیان دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان