شنۆ؛ هاوڵاتییەک بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، بۆ زیندان ڕاگوازرا

ک.م.م.ک:

شەممە حەوتی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی کەماڵ قۆیتاسی خەڵکی گوندی “کانی گڵ”سەر بە شاری شنۆ، پاش بانگهێشتی بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شنۆ دەستبەسەر و بۆ کێشانی ئەو حوکمەی بەسەریدا سەپێنرابوو، بۆ زیندانی ئێران لەو شارە گوازرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

شیاوی باسە کە، ئەم هاوڵاتییە لە ڕەشەمەی ٢٧٢٠ی کوردی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شنۆ ئازاد کرا.

ناوبراو لە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *