ک.م.م.ک:
سەرلە بەیانی ڕۆژی دووشەممەی٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی،
مەحێدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدامی خەڵکی شاری شنۆ لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ئێران لە ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە لە لایەن سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەم زیندانییە سیاسییە پاش ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار بەدەستەوە نییە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا دەڵێ: بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە کە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێنراوە، بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان لەم پێوەندییە پێ نەداونەتەوە.
شیاوی باسە کە ساڵی پاریش( سێشەممە٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ی کوردی) مەحێدین ئیبرایمی لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ئێران لە ورمێ بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لەو شارە ڕاگوازرا و لێپرسینەوەی لەسەر پێوەندی ڕووداوەکانی ناو زیندانی لێکراو و دوو ڕۆژ دواتر بۆ زیندان گەڕێنرایەوە.
جێی بیرهانینە کە ١٢ی خەزەڵوەری٢٧١٧ی کوردی،کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە برینداری دەستبەسەر کرا. پاش ئەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ورمێ ڕاگوازراو بە بێ تەواوبوونی خولی دەرمانی بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدا لە ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی هاریکاری و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری دەسەڵاتی ئێران لێپرسینەوەی لێکرا و ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٢٧١٨ی کوردی، ڕێوڕەسمی دادگایی مەحێدین هیبراهیمی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بەجسەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بە بێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچوو و ٢١ی ڕەزبەری هەمان ساڵ حوکمی ئێعدامەکەی بە فەرمی پێڕاگەیەندرا.
جێی سەرنجە کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بە رۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم و دیوانی باڵای وڵاتیش ئەم حوکمەی پشتڕاست کردەوە.
ق.ش