دوو هاوڵاتی بانەیی بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران

ک.م.م.ک:

یەکشەممە ١١ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی، بێهزاد پزیشکی و ڕەفیق پزیشکی، دوو هاوڵاتی دەستبەسەر کراوی خەڵکی بانە، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە ئازاد کران.

بێهزاد و ڕەفیق پزیشکی بە بارمتەی ٨٠٠ملوێن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی لە زیندان ئازاد کراون.

شیاوی باسە کە، ئەم دوو هاوڵاتییە بە هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کراون و لە ماوەی دەستبەسەری لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.

ئەم دوو هاوڵاتییە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و بە کوتەک و لێدان دەستبەسەر کراون. هاوکات هێزە ئەمنییەکان دەستیان داوەیە پشکنینی ماڵی ئەم هاوڵاتیانە و هەندێ کەلووپەلی وەکوو لۆپ تۆپ و کامێرای وێنەهەڵگرتن و موبایل و چەندد پەڕتووکێکیان دەستبەسەردا گرتووە و لە گەڵ خۆیان بردوویانە.

ئەم هاوڵاتیانە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی پار پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێرانەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئێران لە شاری سنە ڕاگوازراون.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *