ک.م.م.ک:
شەممە 10ی گولانی 272ڤی کوردی، لە سنووری میلەی نەوسوو گەنجێکی کۆڵبەر بە ناوی فەلاح عەزیزی خەڵکی سەلاس باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزە سنوورییەکانی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە گولەی ساچمەیی تەقەیان لە دەستەیەکی کۆڵبەران کردووە و بە بەرکەوتنی دوو فیشەک، ناوبراو لە کەمەر و پشتی بە سەختی بریندار بووە.
جێی تێبینیه کە، له ڕووداوێکی دیکەدا له هەمان دەڤەری سنووری، هێزەکانی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەبەیانی شەممە، پێنج کۆڵبەری دیکەیان بریندارکرد و سەفەر سوبحانیی خەڵکی پاوەیان کوشت.
جێگای ئاماژەیە، کە هێزەکانی گاردە تایبەتەکانی ناوشار و هێزە چەکدارەکانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەیەکە چەکی ساچمەی بەکاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ناو ئێران و کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران، تایبەت مەندی ئەو جۆرە چەکە بەو جۆرەیە کە هاوکات چەند کەسی پێ برینداردەکرێت بەهۆی نەبوونی ژمارەی کالیبر و کۆدی چەکەکان، ناتوانرێت بەشێوەیەکی یاسایی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
ع. س