چارەنووسی هاوڵاتییەکی سنەیی پاش دەستبەسەری نادیارە

ک.م.م.ک:

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چارەنووسی هاوڵاتییەکی سنەیی بە ناونیشانی کەیوان ڕۆستەمی کە خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، نادیارە و دامەزراوە ئەمنییەکان لە لێدوان سەبارەت بە ناوبراو خۆ دەبوێرن.

کەیوان ڕۆستەمی٢٧ ساڵ تەمەن، کوڕی عەلی ئەکبەر، خەڵکی شاری سنە لە کوردستانە.

ئەم هاوڵاتییە پاش چەندد حەوتوو دەستبەسەری، لە پێوەندییەکی تێلەفوونی لە گەڵ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندووە کە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە دەستبەسەرە.

بنەماڵەی ڕۆستەمی تا بەر لە پێوەندی تێلەفوەنی منداڵەکەیان زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووس و سڵامەتی ناوبراوەوە بەدەستەوە نەبوو. کەیوان ڕۆستەمی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەرییە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکان کەیوان ڕۆستەمیان بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستبەسەر و لە ماوەیەدا سەرڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەهەمبەر کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەکان لە دەربڕێنی هەر وڵامێک لەم پێوەندییە خۆیان دەبوارد.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەری و جۆری ئەو تۆمەتەی پەیوەستی ناوبراو کراوە زانیارییەک نەدرکاوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *