بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژە ڕێخراوی یونسکۆی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە، بۆئەوەی قسە لەسەر وێرانکارییەکانی ناوچەی سووری ئامەد بکەن،لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆشدا وێرانکارییەکانی ناوچەی سووری ئامەد تاووتوێ دەکرێندواتر یونسکۆ ڕاپۆرتی خۆی لەسەر ئەم مژارە بڵاو دەکاتەوە.
وەک دەزانین زۆربەی شارو ناوچەکانی باکووری کوردستان لەدوای ئەوەی خۆسەری دیمۆکراتیک لەلایەن خەڵکەوە ڕاگەیەندرا ،کەوتە بەرپەلاماری هێزە کانی سوپای تورکیا وبەتەواوی خاپوور بووە وبە هەزاران خەڵکی سڤیل ومەدەنی بوونەتە قوربانی وبەهەزارانیش خاک زێدی خۆیان بەجێ هێشتووەو ئاوارەبوون وبەسەدانی دیکەیش لە سیاسەتوان وپەڕلەمانتار وسەرۆک شارەوانی خەڵکی مەدەنی وژن ومنداڵ ڕاپێچی زیندانەکانی تورکیا کراون بەسەدانی تریش بێ سەروشوێن کراون، ئاستی جینایەت وکۆمەڵکوژیەکان ئەوەندە بەرز بووە کە ڕێخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ وپەڕلەمانتاران وتەنانەت ئەکتەرە بەناوبانگەکانی ئەورووپا هاتنە دەنگ وبەدەیان دیکۆمێنت وبەڵگەیان لەسەر تۆمارکردو داوا کرا ئەردوغان ڕاپێچی دادگای نێو دەوڵەتی بکرێت.
هەربۆیە ئێمەیش وەکوو ڕێخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وەکوو هەمیشە ئەم پێشێل کاریانی حکوومەتی تورکیا مەحکووم دەکەین وداوا لەبەدەنگ هاتووان دەکەین لەسەر ویستەکانی خۆیان سووربن وبەدواداچوونی گونجاوی بۆبکەن وبە ژینۆسایدی بناسێنن ،بۆئەوەی چیدی حکوومەتە داگیرکەرەکان دەسبەرداری کۆمەڵکووژی وقوربانی کردنی خەڵکی مەدەنی بن وڕێخراوی یونسکۆ وەکوو ڕێخراوێکی نێودەوڵەتی بەبێ لەبەرچاوگردنی هیچ جۆرە ڕوانینێکی سیاسیانە لەسەر بابەتەکان بکۆڵێتەوەودیکۆمێنتەکان لەبەرچاو بگرێ،چونکوو ئاشکرایە وهەموو جیهان دەزانێ قوربانییەکان خەڵکی مەدەنی وژن ومنداڵن وهیچ چەشنە توانایەکی بەرنگاربوونەوەیان نەبووە وبەچەکی قەدەغەکراو هێرش کراوەتە سەریان،بۆیە دواکاری شەفافییەت وڕووبەڕووبوونەوەیەکی مرۆڤدۆستانەین هەموو جیهایش شایەتیمان لەسەر دەدات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.