دوای 33 مانگ دەستبەسەرکردن لەلایەن دادگای ئێرانەوە زیندانییەکی سیاسی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا

ک.م.م.ک:
بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لەخوی حاتەم ئۆزدەمیر هاوڵاتیەکی تورکیا (کوردی باکوری کوردستان) بە تۆمەتی بەغی(هەوڵدان دژی حکوومەت) لە ڕێگەی ئەندامێتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.


بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دوایین دانیشتنی دادگایی کردنی ئەو هاوڵاتییە لە دادگای ئینقلابی ئێران لە خوی لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو و ئەو سزایە لە 24ی ڕەشەممە بە ئاوایەکی فەرمی گەیەندراوەتە ئەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ.

شایانی باسە، کە لە 11ی پووشپەڕی 2719 لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدران، تیمێک لەئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان کەوتبوون بۆسەی بارەگای پاسدارانی ئێرانەوە.

لە کاتی هێرشەکی تۆپخانەکانەی سوپای پاسدارەکان دا حاتەم ئۆزدەمیر بە هۆی بەرکەوتنی خومپارە بێهۆش ئەبێت و دوای دەسبەسەرکردنی دەگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ.

ناوبراو لە ڕێکەوتی 28ی گەلاوێژ، پاش تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ.

پێویستی بە بیرهێنانەوەیە کە دادگای ئێران لە ورمێ لە 16ی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هاوڵاتیەکی تورکیا (کوردی باکوری کوردستان) بە ناوی فیروز موسالوو پاش 33 مانگ زیندانی کردن ،بە تۆمەتی بەغی(هەوڵدان دژی حکوومەت) لە ڕێگەی ئەندامێتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بوو.
ع. س

Leave a Reply

%d bloggers like this: