مەترسی لەسێدارەدان هەڕەشە لە ژیانی سێ بەندکراو دەکات

ک.م.م.ک:
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، مەترسی لەسێدارەدان هەڕەشە لەژیانی سێ بەندکراو دەکات کە بەتۆمەتی کوشتن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ناوەکانی ئەو سێ زیندانییە بریتین لە جەعفەر ئیسماعیلی، عوسمان سەحرایی و سەعدو ئارمەند و هەرسێکیان خەڵکی شارێ ورمێن.

ئەو سێ هاوڵاتییە لەساڵی 2689کوردی لەدۆسیەیەکی کوشتندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەو سێ کەسە لەگەڵ میرعەلی حوسێنی و پەیمان بابەخانی کە ڕۆژی سێشەممە 24ی ڕەشەممە لە زیندانی ئێران لە ورمێ لەسێدارە دران، گوازرانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لەئێستادا قەرەنتینەی زینداندان.

شایانی باسە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی بە گۆرەی ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە جیهاندا هەیە و ساڵانە سەدان کەس بە تۆمەتی سیاسی و هەروەها تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتن، لە سێدارە دەدرێن.
ع.س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *