ک.م.م.ک:
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، فیرووز موسالوو زیندانی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی قۆتوری سەر بە شاری خۆی، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دوایین دانشتنی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ لە لقی 2ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و دادگا بە تۆمەتی “موحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران” سزای لەسێدارەدان بەسەر دا سەپێندراوە.
شایانی باسە کە سزای لەسێدارەدان ڕۆژی دووشەممە 16ی ڕەشەمەی 2721ی کوردی، بە شێوەی فەرمی بەو زیندانییە سیاسییە لە زیندان ڕاگەیەندراوە.
پێویستی بە بەبیرهێناوەیە کە، لە ڕێکەوتی 11ی بەفرانباری ساڵی 2719ی کوردی، فیرووز موسالوو پاش 5مانگ لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.
ناوبراو پاش چەندد ساڵ ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، لە ڕێکەوتی 20ی پووشپەڕی ساڵی 2719، بە وەرگرتنی ئەماننامەی سپای پاسداران، گەڕایەوە بۆ ئێران و کوردستان، بەڵام لەلایەن سوپاوە دەسبەسەر و پاشان بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ گوازرابووە.
ع. س