گواستنەوەی 9 کەس لە دەستبەسەرکراوانی شاری بانە بۆ زیندان

ک.م.م.ک :
دووشەمە 25ی ڕێبەندانی 2721ی کوردی، نۆ کەس لە دەستبەسەرکراوانی بانە، بە ناوەکانی سەڵاح پزێشکی، رەفیق پزێشکی، بێهزاد پزێشکی، کەریم پزێشکی، ئەبو بەکر پزێشکی، ئەرسەلان پزێشکی، فەرزاد پزێشکی، جەمال موروڤەتی و سەعید ڕەشیدی لە گرتووخانە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گوازرانەوە بۆ زیندانی گشتی لە سنە.

جێی ئاماژەیە که، ئەو هاوڵاتیانه لە ڕێکەوتی 20ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەبێ فەرمانی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی زارەکی و جەستەیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوه دەستبەسەرکراون و بۆ لێپرسینەوە گوازرانەوە بۆ بنکەی دەستبەسەرکردنی ئاسایشی ئێران لە سنە.


جێگای ئاماژەیە، کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتیانەدا، ئەندامانی خێزانەکانیان تووشی لێدان و بێڕێزی هێزەئەمنیەکان بوونەوە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ئێران ماڵی ئەو نۆ هاوڵاتیەیان پشکنیون و کەلووپەلی تایبەتیان وەکوو لاپتۆپ، کامێرا، مۆبایل و کتێب یان لێ زەوتکردوون.


بەپێی راپۆرتەکە، ئەو نۆ هاوڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا لە مافی “پارێزەر و سەردانی بنەماڵەکان” بێبەر بوون.


تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ناوبراوەکان کراون، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.


ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *