ک.م.م.ک:
چوارشەمە 20ی خەزەڵوەری 2721ی، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی “محەمەد سدیق عەزیزی” کوڕی لوقمان لە کاتی خزمەتکردنی سەربازی زۆرەمڵی لە ئێران- لە یەکێک لە سەربازگەکانی ئەرتێش لە تاران- لە لایەن هێزەکانی پاراستنی ئەرتێش دەستبەرکرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا ئێستا بە شێوەی فەرمی ئەم هەواڵە لە ڕاگەیەندراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاو نەکراوە.
هەروەها بەدواداچوونی کەسوکاری ئەو هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوە بۆ زانینی شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی، بێ ئەنجامە بووە.
جێگای باسە کە، لقمان عەزیزی باوکی ئەو سەربازە، لە ڕێکەوتی 31ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەری لە شنۆ دەسبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنیەتی ئێران لە ورمێ.
لوقمان عەزیزی دوای تەواوکردنی لێپرسینەوەکەی لە 5ێ گەلاوێژ بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا و پاشان ئێرانی بەجێهێشت.
هەروەها دەبێت ئەوەش بخرێتە ڕوو کە لە ساڵی 2716ش، لقمان عەزیزی دەستبەسەر کرا و پاش تەوابوونی پرۆسەی ڵێپرسینەوە، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەوڵدان دژی ئاسایشی گشتی، لە لایەن لقی 101ی دادگای تاوانەکانی ئێران لە شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی بە 16 ساڵ زیندان سزا درا.
جێگای ئاماژەپێکردنە کە، سزاکە لە ساڵی 2717دا لە لقی 10ی دادگای پێداچوونەوە، بەلابردنی تۆمەتی “هەوڵدان و چالاکی دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بۆ لوقمان عەزیزی پەسەند کرا.
ع. س