ئیلام؛ دادگای ئینقلاب سزای 20 مانگ زیندانی بۆ خەدیجە مێهدیپوور پشتڕاست کردەوە

ک.م.م.ک:
چوارشەمە 13ی ڕێبەندانی 2721ی کوردی، بە گوێرەی زانییارییەکانی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، دادگای ئینقلابی ئێران لە ئیلام، سزای زیندانی سیاسی خەدیجە مێهدیپووری 34 ساڵە و خەڵکی ئەو شارە وەکوو خۆی پشتڕاست کرد.


بەپێی ڕاپۆرتەکە، دادگای ئینقلابی ئێران لە ئیلام بە پێی بەجێبەجێکردنی مادەی 134ی سزادانی ئیسلامی، سزای 20 مانگ زیندانیکردن بۆ زیندانی سیاسی خەدیجە مێهدیپووری پشتڕاست کردووە و هەر ووها ناوبراو لە هەموو مافەکانی بەندکراوێک وەک لێبوۆردن، مرەخەسی و تانە لێدان و ….بێبەری کراوە.

جێگای ئاماژەیەکە پێشتر، ناوبراو لە دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی “پڕووپاگەندە دژی دەوڵەت و سووکایەتیکردن بە خومەینی و خامنەیی” دادگایی کرا و سزای 20 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

شایانی باسە کە ئەم زیندانی سیاسیە، لە ڕێکەوتی 18ی رەزبەری 2721ی کوردی، لە لایەن ئەندامانی ئیتلاعاتی سوپا لە ماڵەوە دەسبەسەر کرا و پاش دوو ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەندی ژنان لە زیندانی ئێران لە ئیلام.

جێگای ئاماژەیە، کە ئەم هاوڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی “هاوسۆزی لەگەڵ گرووپەکانی دژ بە حکوومەتی ئێران” بێتاوان دەرچووە و هەر ووها، جارێکیش لە ڕێکەوتی 12ی رەزبەری 2720 دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە ئیلام دەستبەسەرکرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لەو شارە سزای کاش(پارەی نەقدی) سێ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێنرا.
ع.س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *