هاوڵاتییەک لە ورمێ لەسێدارە درا

ک.م.م.ک:
پێنجشەمە 7ی ڕێبەندانی 2721ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی میر سوڵتان ئەمیری 70 ساڵە و خەڵکی شنۆ لە زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ لە سێدارەدرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو هاوڵاتییە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان” سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران و کوردستان لە کاتێکدایە کە بە پێی هەواڵ و بەڵگەکانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، سوپای پاسدارانی ئێران لە گەورەترین مافیای ماددە هۆشبەرەکانن لە ناوچەکەدا.


پێویستی بە بەبیرهێناوەیە کە، ئەمساڵ لە مانگی پووشپەڕ دا، شەهریار ئەمیری 42 ساڵە کوڕی سوڵتان ئەمیری ـش بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە هەمان زیندان لەسێدارە درا.

جێگای ئاماژەیە کە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە سێدارەدانی ئەو زیندانییە لەلایەن میدیاکانی ناوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.


ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *