KMMK:
بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، یەزدان میرزایی وەرزشوانی بواری وشۆ و خەڵکی ئیلام بە تۆمەتی پێوەندی لە گەڵ مادە هۆشبەرەکان لە لایەن دادگای سزاکانی زاهیدان بە ئێعدام مەحکووم کرا.
ئێعدامی ئەم وەرزشوانە کوردستانییە لە لایەن دادگای سزاکانی زاهیدان دەرکراوە.
یەزدان میرزایی سەرەتایی ٢٧٢٠ی کوردی، لە زاهیدان لە فڕۆکەخانەی ئەم شارە دەستبەسەر و بە تاوانی مادەی هۆشبەر لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهیدانەوە بۆ گرتووخانەی ئەو ئیدارەیە ڕاگوازرا.
شیاوی باسە کە ناوبراو ٢٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیتلاعات دەستبەسەر بووە.
ناوبراو لە شوێنی هەواخۆری ئەو گرتووخانەیە لە ڕێی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی دا کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە مردن ڕزگاری دەبێت.
بە گوێرەی هەواڵەکە، یەزدان میرزایی لە ماوەی دەستبەسەری و لە دادگایش ئەو تۆمەتەی بەرپەرچ داوەتەوە.
یەزدان میرزایی ٢٧ ساڵ تەمەن کوڕی داوود، وەرزشوانی بواری وشۆ و خەڵکی ئیلام، ئەندامی تیمی نەتەوەیی لە ستایلی ساندایە. ناوبراو خاوەنی میدالیای زێری کێبەرکێی ئاسی و خەڵاتی زێڕی کێبەرکێی نێونەتەوەییە.
ق.ش