KMMK:
شەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، بەکتاش ئابتین نووسەر، دەرهێنەر، فیلمنامەنووس و ئەندامی کانووی نووسەرانی ئێران لە نەخۆشخانە بە نەخۆشی کرۆنا گیانی لە دەستدا.
ناوەندی نووسەرانی ئێران لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند « حکوومەتی دژە ئازادیخوازان» کوردێک لە پاڵەوانانی ئازادیخوازی لێ وەرگرتینەوە» هەواڵی کۆچی دوایی بەکتاش ئابتینی پشتڕاست کردەوە.
ناوەندی نووسەرانی ئێران ڕایگەیاند بەکتاش ئابتین زیندووە چون ڕۆحی ئازادیخوازی وهەڵوێست دژی قرێژی سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەر زیندووە. لە درێژەدا دەڵێ؛ بە خێرایی بیروڕای گشتی لەمەڕ وردەکاری ئەو نکۆڵییەی لە بەکتاش ئابتین کرا ئاگادار دەکەینەوە.
ئەم شاعیر و دەرهێنەرە لە ٥ ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ی کوردییەوە لە سەردەمی تێپەڕاندنی حوکمی ٦ ساڵەی خۆیدا بوو. حکوومەتی ئێران بەکتاش ئابتینی بە تۆمەتی « پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات و پێکهێنانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو.
بەکتاش ئابتین لە سەرماوەزی ٢٧٢٠ی کوردی، لە فایلێکی دەنگیدا لە زیندانی ئێڤین سەبارەت بە کێشەکان و سێبەری گرانی دامەزراوە ئەمنییەکان لە سەر زیندانیانی سیاسی ڕوون کردنەوەی دابوو.
شاعیری ناوبراو لەو پەیامەدا ئاشکرای کردبوو کە لێپرسەر و ڕایەدارانی ئەمنییەتی بەڵێن بە تاقمێک لە زیندانیانی سیاسی دەدەن بۆ ئەوەی سیخوڕی لە سەر هاوبەندییەکانی خۆیان بکەن.
بڵاو بوونەوەی وێنەیەک لە بەکتاش ئابتین لە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢١ی کوردی، لە کاتێکدا پێوەنی لە پێ کراوە لە سەر قەرەوێڵە نەخۆشخانە ڕاکشاوە هۆی هەڵگیرسانی توڕەیی هاوڵاتیان و پەرەی ناڕەزایی لە فەزای مەجازی لێکەوتۆتەوە.
شیاوی باسە کە، بەکتاش ئابتین لە ماوەی زیندان دوو جار تووشی ڤایرۆسی کرۆنا بوو، دۆخی تەندرووستی ناوبراو لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوو ناجێگیر کە لە ڕووی ناچارییەوە بەرپرسانی زیندان ناوبراویان بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی گواستەوە و لە گەڵ خراپتر بوونی باری تەندرووستی، پزیشکەکان ناچار بوون لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبارەوە ناوبراو ببەنە کۆمای ساختەیی و لە ئەنجامدا لە ١٨ ی بەفرانبار گیانی لە دەست دا.
ق.ش