بە هۆی هەرەشەی چەقۆ لێدان لە لایەن چەند زیندانیەوە، باوک و کوڕێک مانیان لە خواردن گرتووە

KMMK:
دووشەمە 13ی بەفرانباری 2721ی کوردی، دوو بەندکراو کە لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ بە ناوەکانی ئیبراهیم خەلیل سەدیقی هەمدانی و سالار سەدیقی هەمدانی، دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەک لە زیندانیان هەڕەشەی چەقۆ لێدانیان لێکراوە، مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتەکە، لە دوای هێڕشی پاسەوانە تایبەتەکانی زیندان بۆ ناو بەندەکان و تێکشکانی کەلوپەلی زیندانیان، سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی پێویست و ناڕەزایی ئەو باوک و کوڕە سەبارەت بە جیاکردنەوەی زیندانیان، لە لایەن ژمارەیەک کەسانی دیاری کراو کە لەلایەن سەرۆکی زیندانی ئێران لە ورمێ ڕاسپێردراون، بە چەقۆ هەڕەشەیان لێکراوە و دواتر ناوبراوەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە و مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاندووە.

جێگای ئاماژەیە، کە ئەو دوو گیراوە ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان تا ئەو کاتەی دۆخەکەیان ڕوون نەبێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.

ئیبراهیم خەلیل سەدیقی هەمدانی لە مانگی ڕەشەممەی 2719 لەگەڵ دوو منداڵەکەی بەناوی سالار و مەریەم (مەهسا) بە تۆمەتی “وێنەگرتنی ناوەندەکانی سەربازی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ورمێ دەستبەسەرکران و لە لقی سێی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بە 19 ساڵ مەحکووم کران.
ع.س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *