KMMK:
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، زیندانی سیاسی چەنگیز قەدەم خێری لە دۆخێکی تەندروستی زۆر خراپدایە و ژیانی ئەم زیندانی سیاسی لە مەترسیدایە.
ئەم زیندانییە سیاسییە بەهۆی هەوکردن و تێکچوونی گورچیلە لە دۆخێکی سەختی جەستەییدان و پزیشکانی زیندانیش ڕایانگەیاندووە کە دەبێت دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت، بەڵام ناوبراو لە هەر چارەسەرێکی پێویست و چاودێری پزیشکی بێبەر کراوە.
جێی ئاماژەیه، کە ئەم گیراوی سیاسی چەندین جار بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەدۆخی سەپێنراوی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێران مانی لەخواردن گرتووە.
دەزگا ئەمنییەکان سەرەتا و تەنیا ڕازیبوون بەداواکارییەکانیان بۆ شکاندنی مانگرتن لەخواردنی ئەو زیندانییە سیاسییە، بەڵام لەپراکتیکدا هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتە بەر.
چەنگیز قەدەم خێری لەدایکبوویی 2688ی کوردی و خەڵکی کامێرانە و لە بەهاری 2711دا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە تۆمەتی “موحاریبە لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە” دەسبەسەرکرا و گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئێران لە سنە.
قەدەم خێری لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی “نواندن دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “ئەندامێتی لە حزبە کودستانییەکانی دژ بە حکوومەتی ئێران” لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی سزای 40 ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخستنە(تەبعید) مەحکووم کرا.
زیندانی سیاسی چەنگیز قەدەم خێری دوای دوو ساڵ کێشانی زیندان بۆ زیندانی مەسجد سلێمان دوورخرایەوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی 27ی 2720ەوە لە زیندانی مەسجد سلێمان لە پارێزگای خوزستان دەرچوو و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار. لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاند کەگواستراوەتەوە بۆ زیندانی شیبان.
قەدەم خێری هەتا مانگی رەزبەری 2720 لە زیندانی ئەهواز بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە پزیشکی دادوەرییەکەی ئەهواز ڕایگەیاندبوو کە پێویستی بە نەشتەرگەری بەپەلە هەیە، بەڵام بەرپرسانی زیندانەکە گرنگیان بەم مژارە نەدا و دواجار بە دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات لە هەمان مانگدا بەبێ هیچ ڕێوشوێنێکی پزیشکی ئەویان گەڕاندەوە بۆ زیندانی مەسجد سلێمان.
ئەم هاوڵاتییە لە ڕێکەوتی 19ی جۆزەردانی 2711 لە شاری سنە لەلایەن ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە تەقەی لێکرا و گولەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە و بووە هۆی لەکار کەوتنی یەک لە گورچیلەکانی، بەڵام هێزەئەمنیەکان لە هەمان حاڵەتداش دەسبەسەریان کردووە.
بەداخەوە گولەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گورچیلەی ئەو زیندانییە مایەوە و لە کۆتاییدا بووە هۆی لەدەستدانی تەواوی گورچیلە.
ع.س


