درێژ کردنەوەی بڕیاری دەسبەسەر کردنی 19 هاوڵاتی لە بانە

KMMK:
پێنجشەمە 18ی سەرماوەزی 2721ی کوردی، بڕیاری دەسبەسەری 19 کەس لە دەسبەسەرکراوەکانی شاری بانە لەلایەن داواکاری گشتی ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە.

جێی ئاماژەیە، کە 19 هاوڵاتی شاری بانە لە هێرشێکی گەورەدا بۆ سەر چوار گوندی چۆمان، نمشێر، کۆپیچ و نەجمە دەستبەسەرکراون، کە لە ڕێکەوتی 20ی خەزەڵوەری ئەمساڵ دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، بە ئۆتۆمبێلی مانگی سووریان ئەنجامدرابوون و دوای پشکنین و گەڕانی ماڵیان، کەلووپەلی تایبەتی ئەو هاوڵاتیانیش لەلایەن ئەم دەزگا ئەمنییەتەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زەوت کراوە.

شایانی باسە کە، ئەو هاوڵاتیانە ڕێگەیان پێنەدراوە کە پارێزەریان هەبێت و سەردانی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لێ قەدەغە کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەیان بۆ داموودەزگا حکوومەتییەکان، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنیانەوە بە دەست نەکەوتووە.

جێگای ئاماژەیە، کە دوای ئەم دەستبەسەر کردنانەی حکوومەتی ئێران و هێرش کردنەسەر ئەو هاوڵاتیانە، دۆخی شاری بانە و گوندەکانی بەتەواوی ئەمنیەتی و لە شاری بانە هێزێکی ئەمنییەتی زۆر بە جل و بەرگ مەدەنی بڵاوەیان پێکراوە.
ع.س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *