ئیرەج عەبادی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس دوای چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکردن ئازادکرا

KMMK:
پێنجشەمە 20ی خەزەڵوەری 2721ی کوردی، ئیرەج عەبادی تەمەن 73 ساڵ نووسەر، ڕۆژنامەنووس، شاعیر و سەرنووسەری ناسراوی هەفتەنامەی لووتکە و خەڵکی شاری سنە دوای چوار ڕۆژ لە بنکەی دەستبەسەرکردنی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو نووسەرە ناسراوە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەری ڕۆژی 16ی خەزەڵوەر لە ماڵی خۆی دەستبەسەرکراوە، ئازادکرا.

جێگای ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکان ڕەتیان کردەوە کە کەلووپەلە تایبەتییەکانی ئیرەج عەبادی، کە لاپتۆپ و مۆبایلی تێدایە بگەڕێننەوە و داوایان لێکردووە کە ئەرشیڤی هەفتەنامەی لووتکەش ڕادەست بکات.

شایانی باسە، کە لە 16ی خەزەڵوەری 2721 دا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ فەرمانی دادوەری هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئیڕەج عەبادی و دوای پشکنینی ماڵەکەی و دەستبەسەرکردنی ناوبراو، دەستیا بەسەر کەلوپوەلیتایبەتییدا گرتووە.

تا کاتی بڵاوکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ناوبراو کراوە لەبەردەستدا نییە.


ع.س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *