ئازادی سێ شارۆمەند بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئەمنیەکانی ئێران لە کوردستان

KMMK:
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە رۆژانی رابردوو سێ شارۆمەند لە بەندیخانە و گرتووخانە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

رۆژی شەممە ٦ی رەزبەر،« شێرزاد مامەندی» خەڵکی گوندی« نەڕزیوە»ی سەر بە شاری شنۆ بە دانای بارمتە بەشێوەی کاتی تا کاتی راگەیاندنی بڕیاری دادگە لە گرتووخانەی ئەمنیەتی ئێران لە شاری ورمێ ئازاد کرا.

لەو بارەوە رۆژی پێنج شەممە ٨ی رەزبەر،« زانیار مورادی» کوڕی جەلال و خەڵکی گوندی« کێڵی کەوە»ی سەر بە شاری دیواندەرە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی ئەمنیەتی ئێران لە شاری سنە ئازاد کراوە.

لەلایەکی ترەوە، رۆژی شەممە ١٠ی رەزبەر شارۆمەندێک بە ناوی« میکائیل مێنبەری» خەڵکی گوندی نییەری سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە پاش تێپەڕاندنی ١١٠ رۆژ دەستبەسەر بوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی ئەمنیەتی ئێران لەو شارە ئازاد کراوە.

جێگای بیرھێنانەوەیە کە ئەم سێ شارۆمەندە ھەریەکەو بە جیاواز لە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ و ٣ی پووشپەڕ و ٢٥ی جۆزەردان بەبێ داواکاری دادوەر لەلایەن ھێزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ھێزە ئەمنیەتیەکان ھێرش دەکەنە سەر ماڵی ئەم سێ شارۆمەندە و پاش گەڕان، ھەندێک شتوومەکی تایبەتی ئەم کەسانە لەگەڵ خۆیان دەبەن.

تاکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵە لەسەر تۆمەتگەلی پاڵنراو بەم کەسانە و ھۆکاری دەستبەسەر کردنیان زانیاریەک لەبەردەست نییە.

س.ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *