KMMK:
لە ڕێکەوتی 18 گەلاوێژی 2721 کوردی، ئیسماعیل سووڵتانئابادی لە ورزڤانانی کەنگاوری سەر بە پارێزگای کرماشان دوای 23 ساڵ مانەوە لە زیندان، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سوێند خواردن (قسامە)، لە لایان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک تاوانبار کرا و لە زیندانی دیزێلئابادی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشان لە سێدارە درا.
بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: ” لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئیسماعیل سووڵتانئابادی مناڵەکەی 6 ساڵان بووە کە ئێستا تەمەنی 29 ساڵە و پڕۆسەی دۆزینەوەی بەڵگە بۆ سەپاندی ئەو تۆمەتە ماوەی 23 ساڵی خایندووە و بە هۆی نەدۆزینەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ سەپاندی حوکمی سێدارە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستیداوەتە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سوێند خواردن لە لایان بنەماڵەی کوژراو (قسامە) و ئەو تۆمەتەیان بەسەردا سەپاندووە و لە سێدارە درا.
جێگای ئاماژەیە کە، بنەماڵەی ئیسماعیل سووڵتانئابادی لە کاتی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارە بەسەر ئەو گیراوە دا ئاگادار نەکرابوونەوە و سێ ڕۆژی دوای لە سێدارەدانی ئاگادار دەکرێنەوە.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان


