KMMK:
لە سەرەتای ئەم حەوتوویەوە فەرمانداری هێزە ویشکاییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران “محەممەد پاکبوور” هەڕەشەی هێرش کردنەسەری حیزبە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە پێی گرێبەستی هەرێمی باشووری کوردستان و حکوومەتی ئێران لە پاش دامەزرانی هەرێمی فیدڕاڵی کوردستان لەو هەرێمە نیشتەجێ بوون ئاماژە پێدا و داوای خەڵکی باشووری کوردستان کرد کە خۆیان لە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەو حیزبانە دوور بخەنەوە بۆ ئەوەی خەساریان پێنەگات.
شیاوی باسە ئەم هەڕەشانەی فەرمانداری هێزە ویشکاییەکانی سپای پاسداران لە کاتێکدایە ساڵانێکە ئەم حیزبانە لە شاخ دابەزیون و داوای چارەسەری ئاشتیانە و نێودەوڵەتیانە لە حکوومەتی ئێران دەکەن و سەرەڕای ئەوەیش کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستە سەدان چالاکی سیاسی ئەو حیزبانەی لە باشووری کوردستان و تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژاوایی تیرۆر کردوە و هێرشی چەکداری و تیرۆری کردونەتە سەر و تەنانەت ساڵی 2018ی زاینیی بنکەکانی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان مووشەک باران کرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە 17 چالاکوانی ئەو حیزبە گیانیان بەخت کرد.
جێی بیرهێنانەوەیە سەرەڕای ئەوەی ئەو حیزبانە دەستیان لە خەباتی چەکداری بەرداوە و داوای چارەسەری ئاشتیانەی مافی ڕەوای نەتەوەکەیان دەکەن بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەدان چالاکوانی سیاسی ڕاپێچی زیندانەکان کردووەو بە سەدانیشی ئێعدام کردووە.
شیاوی باسە هەر لەسەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمانی خومەینی دامەزرێنەری ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییە هێرشێکی بەرفراوان کرایەسەر گەلی کورد و شار و گوندەکانی کوردستان کەوتنە بەر هێرشی هۆڤانەی ئەو دەسەڵاتە توندڕەوە و لە ماوەیەکی کورتدا دەیان کەس لە خەڵکی کورد لە دادگایەکی چەندد خولەکی ئێعدام کران و زۆرینەی گوندەکان خاپوور کران و تەنانەت لە نێو ئێعدام کراوان کەسانی تەمەن 13 ساڵ بونیان هەبوو. کۆماری ئیسلامی ئامانجی لەم هێرشانە ژینوساید و سڕینەوەی نەتەوەی کورد بوو و لە کاتێکدا داواکاری گەلی کورد هەر لە دەسپێکەوە ئاشتیانە و هاتنەئارای دێموکڕاسی و یەکسانی بووە.
ق.ش