پۆلیسی فتا لێپرسینەوەی لە محەممەد مەمەندزادە رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی کرد

KMMK:
سێ شەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی محەمەد مەمەندزادە، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری رەبەت سەر بە شارستانی سەردەشت کە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بانگهێشتی پۆلیسی فتای حکومەتی ئێران لە شاری سەردەشت کرابوو، لێپرسینەوەی لێکرا.
بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هۆکاری بانگهێشت و لێپرسینەوە لە رۆژنامەنووس و چالاکە مەدەنییە، سازکردنی ڕاپۆرت و هەواڵ لەسەر بابەتی بێ ئاوای شارەکانی رەبەت و سەردەشت بووە.
جێی ئاماژەیە کە ئاوی شارەکانی رەبەت و سەردەشت ماوەی چەند ڕۆژێکە قەتع بووە و خەڵک تووشی کێشە بوون و تا ئێستا چەندین جار گردبوونەوەیان کردووە.
ئەوە لە کاتێک دایە کا ئەو دوو شارە لە پەنا بەنداوێکی گەورە هەڵکەوتوون و نەدەبا کێشەی ئاویان هەبا. بە پێی زانیاریەکان، ئاوی ئەو بەنداوە لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە بۆ شوێنی تر دەدزرێت و دەگوازرێتەوە.
بە پێی زانیاریەکان، پۆلیسی فتای حکومەتی ئێران لە سەر نووسینی هەواڵ و شرۆڤە لەسەر نەبوونی ئاو و بابەتی پێوەندیدار بە بەنداوی سەردەشت و هەروەها گردبوونەوەی خەڵک کە لە ٧ی مانگەوە دەستی پێکردووە، لێپرسینەوە و بازجوییان لە محەمەد مەمەندزادە کردووە و ناوبراو تەواو تۆمەت کاتی ڕەت کردووەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە محەمەد مەمەندزادە ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری رەبەت سەر بە شارستانی سەردەشتە و تا ئێستا چەندین جاری دیکەش بەو شێوازە لێپرسینەوەی لێکراوە.
ج.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *