دەست بەسەر کردنی چالاکی مەدەنی و رۆژنامەوانی کورد
KMMK:
لە چەند رۆژی رابردوودا چالاکێکی مەدەنی و رۆژنامەوانی کورد بە ناوی ” وریا غەفوری ” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست بەسەر کرا.
جێگای ئاماژەیە کە: ئەم چالاکی سیاسی و رۆژنامەوانەی کورد بە تۆمەتی بڵاوکرنەوەی گۆڤاری سیاسی، ریکلام دژ بە حکومەت و بێحورمەتی بە بەرپرسان قۆلبەست کراوە و سەرەڕای بەدواداچونی بنەماڵەکەی تا ئێستە نەیانتوانیوە هیچ زانیاریەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو بەدەست بهێنن.
جێگای باسە کە: لە ماوەی ۴۰ ساڵ لە سەر کار بونی کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستە لاوان و چالاکانی کورد لە هەمو بوارەکاندا بەر زەخت و هەڕەشەی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بونەتەوە، چالاکانی مەدەنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگە پارێز و کلتوری هەموکات بە مەبەستی خنکاندنی دەنگیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕوی هەڕەشە، دەست بەسەرکردن و ئەشکەنجە بونەتەوە رۆژ لە دوای رۆژ گۆڕەپانی چالاکیەکانیان بچوکتر دەکرێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


