شەپۆلێکی نوێ لە تەشویش(پارازیت)خستنە سەر ماهوارەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێ لە پاڕازیت، شوخت دەخاتە سەر تۆڕی مێدیاکان لە شاری كامێران و بوەتە هۆی ئەوەی خەڵکی نەتوانن بینەری تۆرە مێدیاییەکان بن.

بە پێی سەرچاوە هەواڵنێریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە شاری كامێران؛ کەرەستەی وەشانی پاڕازیت لە پاركی شاری یاری ئه‌م شاره‌ و جار جار له‌ ده‌كه‌ڵی مخابراته‌وه‌ وەگەڕ خراوە و دەهاوێژرێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ناوەندی ئەمنییەتی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەتایبەتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بۆ بەرهەڵست وەستان دژی وەشانی تۆڕە مێدیاییەکان و ڕاگەیاندنی پارتە کوردیه‌كان و مێدیاکانی تری ماهوارەیی، لە زۆر خاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستیان بەوەشان و هەناردەکرنی شەپۆلی پارازیت کردوە.

کەڵک وەرگرتن لە تۆڕی مێدیایی لە ئێراندا قەدەغەیە وهێزی ئینتزامی زۆربەی شارەکان هێرشی جۆراوجۆریان کردۆتە سەر ماڵی هاووڵاتیان بۆ کۆکردنەوەی ساج و جیهاز و سەتلایتەکان.

وەشان و هەناردەکردنی پاڕازیت بۆ سەر تۆڕە مێدیاییەکان بۆ ئەوەی بەربەست دروست بکرێت تاوەکوو هاووڵاتیان نەتوانن بینەری بن، لەوچەند ساڵەدا بەشێکی بەرچاوی کارو کردەوەی کۆماری ئیسلامی بوە.

پێویستە وەبیر بخرێتەوە کە هەر لە ئەمساڵدا پێش لە هەڵبژاردنەکانی مەجلسی شورای ئیسلامی و خیبرەکان لە ئێراندا، شەپۆلێکی بەربڵاوی پاڕازیت لە شار و دێهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و وەرگرتنی تۆڕە مێدیاییەکان بۆ هاووڵاتیان ئەستەم کرابوو.

لە پەیوەندی لە گەڵ کاریگەریەکانی پاڕازیت تاوەکو ئێستا زۆر ڕاپۆرت لە ئێراندا بڵاو کراوەتەوە. توژینەوەکان نیشانیانی داوە، وەبەرکەوتنی تیشک (مادۆن) و پاڕازیت تا وەکو ڕێژەی ۳۰ قات مەترسی ئیفلیجی مناڵان و مالیخولیایی زیاد دەکات و نەزۆکی و کاریگەری لە سەر سیستمی ڕەوانی، بەشێکن لە ئاکامە زیانبارەکانی پاڕازیت لە سەر ژیانی هاووڵاتیان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان