KMMK:
دوو شەممە 11ی خەرمانانی 2721ی کوردی، ھێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەقە دەکەن لە گروپێک لە کۆڵبەران و لەئاکامدا کۆڵبەرێکی تەمەن 40 ساڵ خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی« بێھزاد» لە بەشەکانی دەست و سەریەوە بریندار دەکرێت.
لەلایەکی ترەوە و رۆژی چوار شەممە 13ی خەرمانان لە بەرزایەکانی بڕوێشکانی شاری بانە سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی« حامید، مەنوچێھر و عەلی» کە ھەمویان خەڵکی شاری سەقز بوون بە ھۆی بەرکەوتنی ھەورە تریشقە بریندار دەبن و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە دەگوێزرێنەوە.
ھەروەھا رۆژی پێنج شەممە 14ی خەرمانا، تەرمی کۆڵبەرێکی یارسان و خەڵکی گوندی قەڵخانی بەناوی« موحەمەد رەزا رۆستەمی» کوڕی خێدان لە ناوچەی قەراوێز نزیک لە ھەرێمی کوردستان دۆزرایەوە.
بە پێی زانیاری گەیشتوو بە KMMK، گیان لەدەست دانی ئەم کۆڵبەرە تەمەن 50 ساڵانە بە ھۆی بێ ئاوی و ماندووبوونەوە بووە.
لەکاتێکدا سەرچاوە نا فەرمیەکان ھەبوونی برین لەسەر جەستەی ئەم کۆڵبەرەیان گێڕاوەتەوە.
شیاوی وتنە کە موحەمەد رەزا رۆستەمی دوو کچ و یەک کوڕی ھەبووە.
س.ر