سی پی تی(CPT): سپای تورکیا شەوانە مەزرای گوندەکان دەسووتێنێ

KMMK:

لقی ڕێخراوس نێودەوڵەتی ئاشتی کریستانی(CPT) لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان(باشووری کوردستان) بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی تورکیا لە ناوچەی سنووری ئوتۆنۆمی باشووری کوردستان، جگه لە بۆردمانی مەزرای گوندەکان، شەوانە هێرش دەکاتە سەر مەزرای گوندەکان و مەزرا، ڕەز و باخەکان دەسووتێنێ.
ئەم ڕێخراوەیە بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاندوە:” لە گەڵ دەسپێکی چالاکییەکانی تورکیا لە ژێر ناوی “هەروەتریشقە، لە‌ 12ی ئاپڕیلەوە تا ئێستە پتر لە دە هەزار هێکتار لە زەوی و زاری کشتوکاڵی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی وەکوو بەرواری ژووروو لە باشووری کوردستان بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی بۆردمانەکانی تورکیا لە ناوچوون”.

یەک لە هاوڵاتیانی گوندی هەرورە بەم ڕێخراوەی پاراستنی ئاشتییەی ڕاگەیاندووە:” زۆرینەی زەوییەکانی کشتووکاڵی گوندس ئێمە بە هۆی بۆردمانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و کۆپتەرەکانی تورکیا سوتێنراون. هەندێ شەو هیچ چەشن بۆرمان یان تەقەیەک نابیستین بەڵام جموجۆڵی سەربازەکانی تورک دەبینین کە دێنە گوندەکەمانەوە ، زەویەکان و ڕەزو باخەکانمان دەسوتێنن”.

ئەم شایەتحاڵە خۆجێیە لە درێژەدا دەڵێ کە سەربازەکانی تورکیا پێیان کوتون، ” ئەگەر بێتوو دیسانەوە هەوڵی ئاوەدان کردنەوەی ڕەز و باخەکان بدەن وەکوو گەریلاکانی پ.ک.ک دەتان کەینە ئامانج و دەتان کوژین.
سی.پی، تی، ڕایگەیاندووه کە جگە لەوەی سپای تورکیا زەوی و زاری کشتوکاڵی گوندەکان دەسووتێنێ هەڕەشە لە گوندنشینانیش دەکات کە مۆڵەتی چون بۆناو زەوی و باخەکانیان نیە.

سەربەست سەبری، شارەوان و بەرپرسی ناوچەی کانی ماسی بە CPT ڕاگەیاندووە:” تەمەنی هەندێ لەو دارانەی سووتێنراون پتر لە 100 ساڵە. ڕووداوێ کە لێرە دێتە ئاراوە کارەساتێکی ژینگەییە، ناوبراو داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە لە بەرانبەر دەسدرێژی و داگیرکاری تورکیا لە پێەندی لە گەڵ ژینگەی کوردستان هەڵوێست وەربگرن.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *