KMMK:
شەممە 26ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، چوار کۆڵبەر لەلایەن ھێزە چەکدارەکانی تورکیا و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون و گیانیان لەدەست داوە.
ناس ناوی ئەم چوار کۆڵبەرە،« بەھرام سەمەدی» 18 ساڵان کوڕی خالسی،« حسەین کەچانلوو» 35 ساڵان و باوکی سێ منداڵ خەڵکی چاڵدوران، « ھیوا قادری» خەڵکی بانە و « حاجی مینە عالی» خەڵکی گوندی دۆڵە تووی سەر بە شاری سەردەشت، راگەیەندراوە.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە KMMK، دوو کەس لەم کۆڵبەرانەوە لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراون و و پاشان بەرەوڕووی ئەشکەنجە و لێدان بوونەتەوە و لەئاکامی ئەشکەنجەکاندا کۆلبەرێک بەناوی حسەین کەچانلوو گیانی لەدەست داوە، ھەروەھا بەھرام سەمەدی لەئاکامی ئەشکەنجەی ئەم ھێزە بە سەختی بریندار بووە و پاشان رادەستی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کراوەتەوە، بەڵام ئەم ھێزە بۆ جارێکی تر ناوبراویان رادەستی ھێزە چەکدارەکانی تورکیا کردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە، ھیوا قادری لە سنووری« سارد ئاو»ی بانە لە کاتی کۆڵبەری لەلایەن ھێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راونراوە و لە ئاکامدا لە تاشەبەردەوە بەر بووەتەوە و گیانی لەدەست داوە.
لە ھەواڵێکی تر، « حاجی مینە عالی» لە کاتی کۆڵبەری بە ھۆی تەقەی راستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێ کە باشووری کوردستان گوازراوەتەوە.
تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم ھەواڵە لە دۆخی بەھرام سەمەدی ھەواڵێ لەبەردەست نییە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


