KMMK:
دووشەممە 23ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، جەلال نامداری و سەعید خالیدی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە کرماشان بە 13 ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران. جەلال نامداری خەڵکی کرماشان و سەعید خالیدی خەڵکی گوندی “ساتیاری” سەر بە باینگانی شارستانی پاوەیە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، جەلال نامداری بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران»، بە 5 ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی «گردبوونەوەی نایاسایی»، و «هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری 2719»، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.
لە درێژەی زانیاری گەیشتوو هاتووە، سەعید خالیدی، بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەوتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران»، بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندە دژی نیزام»، بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم دراوە.
جەلال نامداری مانگی بەفرانباری 2720ی کوردی، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندان کرابوو. ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی کرماشان ڕاگوێزرابوو.
هەروەها خالید سەعیدی مانگی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ئێران دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران لە کرماشان ڕاگوێزرابوو. ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان