KMMK:
چوارشەممە 18ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، بەرپرسانی قەزایی زیندانی حکوومەت لە نەغەدە لە گەڵ داواکاریی ئازادی بە پێوەنی ئەلێکترۆنیکییەوەی دوو زیندانی سیاسی بە ناوەکانی ” ڕەحیم ڕەفعەتی”کوری موحەمەد و ” ڕەحمان تابش “کوری موراد خەڵکی شاری شنۆ دژایەتییان کرد.
بە پێی هەواڵە گەیشتووەکان، ئەم دوو هاوڵاتییە داواکاری ئازادی خۆیان بە پێووەنی ئەڵێکترۆنیکی بە بەرپرسانی زیندانی کۆماری ئیسڵامی لە نەغەدە پێشکەش کرد، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شنۆ دژایەتی لە گەڵ ئازادیان کرد. شیاوی باسە کە ئەم دوو زیندانییە سیاسیە لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت لە شنۆ بە تۆمەتی “بەشداری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسێۆنی حکوومەتی ئێران ” بە سێ ساڵ و حەوت مانگ و پیلان دژی دەسەڵات بە هەشت مانگ زیندان مەحکووم کرا بوون.
دووشەممە 18ی ڕەشەممەی 2720ی کوردی، ئەم دوو هاوڵاتییە بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و بۆ زیندانی کۆماری ئیسڵامی لە نەغەدە گوازرابوونەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان