کوژرانی کاسبکارێکی کورد لە لایەن هێزە ئینتیزامیەکانی ئێران

KMMK :
سێشەممە 3ی خاکەلێوەی2721 کوردی، مەحەمەد سادقی خەڵکی شارستانی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جادەی خورەماوا کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، دووشەممە 2 خاکەلێوەی 2721 کوردی، هێزە چەکدارەکانی «نیروی انتظامی» کۆماری ئیسلامی ئێران تەقە لە ماشینێکی کاسبکارێک دەکەن و لە ئاکامدا ئەو کاسبکارە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
جێگای ئاماژەیە، کە هێزە چەکدارەکان بە گومانی باری قاچاخ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەو هاوڵاتییە کردووە. شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئۆتۆمبێلەکەی محەمەد سادقی خاڵی بوو و هیچ بارێکی قاچاخی تێدانەبووە.
بەهۆی هەژاری و نەبوونی کار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک و بەتایبەت گەنجان ڕوویان لە کاری وەک کۆڵبەری کردووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و لە بری چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران فەرمانی تەقەی ڕاستەوخۆی بە هێزە چەکدارەکان داوە و ئێمە شاهیدی کوشتنی ڕۆژانەی هاوڵاتیانین.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان