سزای لەسێدارەدانی هاوڵاتییەکی بیجاری جێبەجێ کرا

KMMK:
دووشەمە 25ی ڕەشەممەی 2720ی کوردی، سزای لەسێدارەدانی هاوڵاتییەک بە ناوی ئارەش وارسی 35 ساڵ و خەڵکی شاری بیجار لە زیندانی حکومەت لە زەنجان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ناوبراو لەگەڵ براکەی نەجات وارسی کە ئەویش لە زیندانی حکوومەت لە زەنجاندایە، ڕۆژی هەینی گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و هەر دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ خانەوادەی ئەو دوو زیندانییە دوایین سەردانیان کردووە.

ئارەش وارسی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لەسێدارە درا، بەڵام لەسەر چارەنووسی نەجات وارسی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

بە گوێرەی راپۆرتەکان، برایانی ئارەش و نەجات وارسی لە ساڵی 2710دا بە تاوانی کوشتن دەسبەسەر کراون و سزای سێدارەیان بۆ دەرکراوە.

ئەوان لەگەڵ کەسێکدا کە بڕێک پارە قەرزداریان بووە بەشەرهاتوون و بوون هۆی مردنی لەکاتی ململانێکەدا.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردســــتان