ورمێ: پێنج هاوڵاتی ڕەوانەی گرتوخانە کران

KMMK:
یەک شەممە 24ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی، پێنج هاوڵاتی بە ناوەکانی تەها کەریمی، موسا بروسان، سابیر موهتەدی، ناسر سۆرخابی و عەبدوللەتیف مەحموود دڵی، بە کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە لە ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتەوە ڕەوانەی گرتوخانەی حکوومەتی ئێران لە ورمێ کران.
تەها کەریمی کوڕی موسا، موسا بروسان کوڕی مەحموود، سابیر موهتەدی کوڕی مەحەمەد خەڵکی بۆکان، ناسر سۆرخابی کوڕی محەمەد خەڵکی پیرانشار و عەبدوللەتیف مەحموود دڵی کوڕی عەبدوڵڵا و خەڵکی شنۆ، ڕاگوێزی گرتوخانەی ناوەندی حکوومەتی ئێران کران.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ئەو هاوڵاتیانە لە 27ی ڕێبەندان و 9ی ڕەشەمەی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەتەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە بێ هەبوونی ئیزنی دادوەری دەستبەسەرکران.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو هاوڵاتیانە بە هاوکاری و ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان تۆمەتبار کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان