KMMK:
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە KMMK, شەممە 9ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی، “کەیوان نەژاد ڕەسووڵ”، 28ساڵ تەمەن کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار، بۆ کێشانی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئێران لە نەغەدە کرا.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ناوبراو ڕێکەوتی 19ی سەرماوەزی 2718ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرو لە لایەن لقی 102ی دادگای ئێران لە شاری پیرانشار بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەتی ئێران بە 4 سال زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
حوکمی کەیوان نەژادڕەسووڵ گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ئێران لە ورمێ، لە 4 ساڵەوە بۆ 2 ساڵ و 6 مانگ داشکاوە و بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


