حکومەتی ئێران چوار هاوڵاتی عەرەبی لەسێدارەدا

KMMK:
دووشەمە 11 ڕەشەممەی 2720ی کوردی، چوار هاوڵاتی عەرەب بە ناوەکانی جاسم حەیدەری، عەلی خەسرەجی، حوسێن سیلاوی و عەلی مەجدەم لەلایەن حکومەتی ئێران لە سێدارە دران.

جاسم حەیدەری یەکێک لەزیندانی سیاسییەکانی عەرەبە کە بە تۆمەتی «یاخیبوون بە هاوکاری گرووپەکانی دژی حکومەت» لە زیندان سزای لەسێدارەدان بۆ دەرکراو و بە گوێرەی زانیارییەکانی KMMK لە بەندیخانەی سپێداری ئەهواز سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم چالاکی سیاسی جێبەجێ کراوە.
بەرپرسانی ئەمنی ئێران ڕەتییان کردەوە تەرمی جاسم حەیدەری رادەستی مالباتەکەی بکەن و رایانگەیاندوە کە مافی ئەوان نییە هیچ ڕێوڕەسمێک ئەنجام بدەن.
جاسم حەیدەری، لە ڕێکەوتی 20 دی 1368، منالی کوێت و دانیشتووی گەڕەکی زەعفەرانیەی شاری ئەهوازە. ناوبراو لە مانگی سەرماوەزی ساڵی 2717 لە تاران دەستبەسەرکرا. سەرەتا گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەوین و پاشان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز.
یەکەم حوکمی لەسێدارەدانی جاسم حەیدەری لە دادگای ئینقلابی ئەهواز دا دەرچوو بوو.

جاسم حەیدەری کەپەنابەرێکی ئۆتریش بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 2716دا گەڕایەوە بۆ ئێران، لەلایەن چەند بریکارێکی وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران دەستبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئەو دەزگای ئاسایشە لە زیندانی ئەوین.

جاسم حەیدەری لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەشکەنجەیەکی سەختی جەستەیی و دەروونی درا و سەرئەنجام گوازرایەوە بۆ زیندانی شیبان لە ئەهواز.

عەلی خەسرەجی، حوسێن سیلاوی و عەلی مەجدەم، سێ زیندانی دیکەن کە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ئەندامێتی لە حزبە سیاسییەکانی عەرەب لە 26ی گۆلانی 2716 دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکران و سزای سێدارەیان بۆ بڕدرا و ئەوانیش لەسێدارە دراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان