مێرمنداڵێکی تەمەن ۱۵ساڵ بەهۆی هێنانە خوارەوەی ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری مەلایر ۵ ساڵ حوکمی تەعزیری بۆ دیاری کرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان(kmmk)، بەکوتەی نوێنەری پاڕلمانی کۆماری ئیسلامی “محەممەد کازمی” جێگری بەرپرسی کومسیۆنی قەزایی و مافەکانی پاڕلمانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ۳۰ی ڕێبەندان باسی لەسەردانی خۆی بۆ دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایی دەربڕینەکانی مانگی ڕابردوو (بەفرانبار) کرد لەشاری هەمەدان و کوتی: کە زۆربەیان بەهۆی ناڕوونی چارەنووسیان نگەرانن و ئەو زیندانە ٤۰ کەس لەو دەسبەسەرکراوانەی تێدایە کەیەکێکیان منداڵێکی تەمەن ۱۵ساڵی خەڵکی شاری مەلایرە کەبەهۆی خستنەخوارەوەی ئاڵای کۆماری ئیسلامی ۵ ساڵ حوکمی بۆ دیاری کراوە .
ناوبراو کوتی بەپێی یاسای سزاکانی ئیسلامی تۆمەتی کەسانی خوار ۱۸ساڵ تەنیا لەکاتێکدا دەتوانێ وەکوو تاوان بێتە ئەژمار کە تاوانبار زانستی لەسەر کردەوەکەی خۆی هەبووبێ.
هەروەها باسی لەوەکرد کە دۆسیەی ناڕەزایی دەربڕینی ناوبراو گواستراوەتەوە بۆ پێداچوونەوە.
جێگەی باسە ناڕەزایی دەربڕینەکانی ئێران ڕۆژی ۷ی بەفرانبار لە شاری مەشهەد دەستی پێکرد وبەخێرایی هەموو ئێرانی گرتەوە ،کەبەکوتەی یەکێک لەنوێنەرانی پاڕلمان نزیک بە ۵ هەزار کەس دەسبەسەرکراون ولانیکەم ۲۶کەسیش کوژراون ،کەبەرپرسانی ئێران دەڵێن ئەمانە خۆیان کوشتووە ونەکوژراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


