سپای پاسداران دوو شارۆمەندی خەڵکی پیرانشاری تیرۆر کرد

KMMK:
چوارشەممە 6ی رەشەمەی 2720ی کوردی، دوو برا بە ناوەکانی «عەبدوڵا و عوسمان نادری» بە تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی سپای پاسداران کوژران.

بە پێی زانیاریەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو برا لە رێگای سەرەکی نێوان پیرانشار و شین ئاوێ لە لایەن ھێزەکانی سپای پاسدارانەوە ھێرشیان دەکرێتە سەر و بە تەقەی راستەوخۆ دەیانکوژن.

سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو بە KMMKی راگەیاندووە کە ئەم دوو برا بە بێ هەر چەشنە ئاگاداریەکی پێشتر، سەرەتا بە تەقەی راستەوخۆ بریندار کراون پاشان راستەوخۆ تەقە لەسەریان دەکەن و دەکوژرێن.
شایانی باسە کە عەبدوڵا نادری پئشتر ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان( پەژاک) بوە و ئەگەری ھەیە کە سپای پاسداران بە پلانی پێشتر ئەم کەسانەی تیرۆر کردبێت.

تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم ھەواڵە تەرمی ئەم کەسانە لە ئێدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری پیرانشار راگیراون و بەرگری لە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان