دووهەم دانیشتنی دادگا؛ دادستانی ئێران خوازیاری ئێعدامی حسێن کەمانگەرە

KMMK:

دووشەممه 27ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، دووهەم دانیشتنی دادگایی گیراوی مەدەنی حسێن کەمانگەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە سنە بەڕێوە چوو.

دادستانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە بە پشتبەستن بە داوای وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران خوازیاری ئێعدام کردنی ئەم چالاکە مەدەنییەیە.

شیاوی باسه کە ئەم دانیشتنە بە ئامادەبوونی پارێزەرانی ناوبراو، بەڕێزان ئەمیر ئەحمەدی و ساڵح نیکبەخت بەڕێوە چووە و تۆمەتی، “بەغی” لە ڕێی “سەرهەڵدان دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک)” ڕاگەیەندراوە.

شیاوی باس کە پارێزەرانی ناوبراو بەرگری خۆیان پێشکەش کردووە و ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردۆتەوە.

دادستانی حکوومەتی ئێران لە شاری کامێران بە سەرۆکایەتی دادستان(جەعفەری) پێشتر خوازیاری ئێعدامی ئەم هاوڵاتی و چالاکی مەدەنییە ببوو و هەنووکە لە دادگا و لە دانیشتنی دووهەم ئەم داواکاریە دووپات کراوەتەوە و مەترسی جیددی لە سەر گیانی ئەم هاوڵاتییەدایە.

شیاوی باسە کە دۆسیەی بەڕێز کەمانگەر ڕەوانەی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە بۆ لای دوو دادوەر بە ناوەکانی(سەعیدی) و ( ئەمیری) کراوە.

حسێن کەمانگەر، پازدەی بەفرانباری 2718ی کوردی، لە لایەن ڕایەدارانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە بە بێ پێبوونی حوکمی قەزایی و بە کوتەک و لێدانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعات ڕاگوازرا.

ئەم هاوڵاتییە تا ئێستە چەندد جار ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە و وەکوو دۆسیە سازکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ناولێبردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان