ڕۆژهەڵاتی کوردسـتان؛ دوو هاوڵاتی دەستبەسەر کران

KMMK:

شەممە 11ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی “مەحموود مەحموودی” ڕۆژنامەوان و سەرنووسەری پێشووی حەوتوونامەی “ندای زاگرۆس”، خەڵکی شاری سنە و مامۆستایەکی قوتابخانەی قۆناغی سەرەتایی شاری شنۆ بە ناوی عەزیز قادر تاج، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی هەواڵەکە، بەڕێز مەحموودی یەکێک لە واژۆکەرانی نامەی چالاکانی مەدەنی بۆ ئازادی دەستبەسەر کراوانی ئەم دوایانەیه.

هەر وەها لە هەمان ڕۆژدا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی مامۆستایەکی قۆناغی سەرەتایی لە گوندی نزرێوەی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی عەزیز قادرتاج ـیان دەستبەسەر کردووە.

شیاوی باسه که هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی ئەم دوو هاوڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەریی و شوێنی ڕاگیرانی بەڕێز مەحموودی و عەزیز قادرتاج نەزانراوە و هەوڵی بنەماڵەکەیان لەم چوارچێوەیە بێ ئاکام بووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان