KMMK:
پێنج شەممە 25ی بەفرانباری 2720ی کوردی، سێ شارۆمەند بە ناوەکانی « رەسوڵ رەشیدی» 36 ساڵ و « مەنسور دودکانلوومیلان» 28 ساڵ و « ئەکبەر رەشیدی» هەر کام بەدانانی بارمتەی 180 ملوێن تمەنی تا کاتی دادڕەسی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ ئازاد کران.
جێگای بیرهێنانەوەیە کە، ئەم سێ شارۆمەندە لە هاوینی ساڵی 2719 لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێران لە شاری ورمێ دەستبەسەر کراون و پاش لێپرسینەوە براونەتە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی لەو شارە و لە مانگی رێبەندانی ئەو ساڵە لە لقی 2ی دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر « عەلی شێخلوو» سزادران و رەسوڵ رەشیدی بە تۆمەتی« ئەندام بوون لە گرووپە سەلەفیەکان» سزای 15 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و مەنسور دودکانلوو بە تۆمەتی ئەندام بوون لە گرووپی« سەلەفی» سزای 15 ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی« هەوڵ دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی« پڕوپاگاندا دژ بە حکومەت» سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراو و ئەکبەر رەشیدی بە تۆمەتی ئەندام بوون لە گروپی « سەلەفی» سزای 15 ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی « هەوڵ دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» سزای5 ساڵ و بە تۆمەتی « پڕوپاگاندا دژ بە حکومەت» سزای 1 ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
دۆسیەی ئەم کەسانە پاش دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو سزایە بۆ دیوانی عالی ئێران گەڕێندرایەوە و پاشان دۆسیەی رەسوڵ رەشیدی و مەنسور دودکانلوو میلان پاش سێ مانگ لە دیوان عالی ئێران هەڵوەشایەوە و بۆ پێداچونەوە درایە بەشی یەکی دادگەی ئینقیلابی ئێران لە ورمێ.
دۆسیەی ئەکبەر رەشیدی هتا ئێستا لە دیوانی عالی ئێران ماوەتەوە .
گەر ئەم سزایانە بەپێی مادەی 134ی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند بکرێن سزای هەر یەکەو 15 ساڵ بەندکردن بەسەریاندا دەسەپێندرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان