KMMK:
پێنجشەممە 18ی بەفرانباری 2720ی کوردی، سێ هاوڵاتی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی شارام کازمیان، سەفەر نووری و فەرهادی مورادی بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ کران.
بە گوێرەی هەواڵەکە، شارام کازمیان پێشتر ڕێکەوتی 12ی ڕێبەندانی 2719ی کوردی، له لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی حکوومەت لەو شارە گوازرایەوە. ناوبراو نێزیک مانگێک دواتر پاش کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوە بۆ زیندانی حکوومەت ورمێ ڕاگوازرا. شارام کامیان ڕەشەمەی 2719ی کوردی، لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە ورم بە تۆمەتی” ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری دەسەڵات بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم راو له دادگای پێداچوونەوەیش وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو 19ی خاکەلێووەی 2720ی کوردی، بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆنافەکانی تەواوبوونی دۆسیەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.
سەفەر نووری و فەرهاد نووریش، هاوڵاتی خەڵکی گوندی ئەنبی سەر بە ناوچەی تەرگەوەری شاری ورمێن. ڕێکەوتی 24ی گەلاوێژی 2719ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت دەستبەسەر و سەرەتا بۆ گرتووخانەی سپا لە زێوە و پاشان بۆ قەرارگای حەمزەی سەیدالشوهەدای سپا لە ورمێ ڕاگوازران. دواتر پاش 27 ڕۆژ لە گەڵ کۆتایی هاتنی لێپرسینەوەکان بۆ زیندانی حکوومەت لە ورمێ ڕاگوازڕان. ئەم هاوڵاتیانە ڕێکەوتی 20ی ڕەزبەری 2719ی کوردی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
ڕێوەڕەسمی کارکردن لە سەر دۆسیەکەیان خەرمانانی ئەو ساڵ لە لقی2ی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە ورمێ بەڕێوەچوو.
ناوبراوان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری دەسەڵات بۆ هەر کامیان 5 ساڵ زیندان دیاری کرا و لە دادگای پێداچوونەوە حوکمی هەرکامیان بۆ ساڵێک زیندانی تەعزیری داشکا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان