راپۆرتی پێشێلكاری ماف مرۆڤیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام دراون، بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانکۆکراونەوە و بەم شێوەیە بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
شایانی باسە ئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوەندەکەمان و لێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیا وێنەیکی بچوکی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە خۆ گرتوە..
کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنی هاوڵاتیانی کورد ، مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد پێشێل دەکات.
ئازادی رادەربرین، مافی ژیانی ئازاد و سەربەخۆ، ئاسایشی تاکەکەسی، بابەت گەلێکن کە حکومەتی ئێران بە رۆژانە پێشێلیان دەکات، ئەوە هاوکاتە لەگەڵ هەڵاواردن و جیاوازی خستن نێوان خەڵک.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ دا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو گوشارێکی ڕادەبەری خستە سەر هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێشتا درێژە بە سیاسەتی داگیرکاری و پەراوێزخستنی گەلی کوردستان دەدات.
حکومەتی ئێران بە لەسێدارەدان، گرتن و زیندانی کردن، تیرۆری چالاکنی سیاسی، مەدەنی، ماف مرۆڤی و ژینگەپارێز، کوشتنی کۆڵبەران و هتد، دوپاتی ئەو ڕاستیەی کردەوە کە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو دەسەڵاتە وەک ناوچەیەکی داگیرکراوی بە پێت و بەرەکەتە کە وەک کۆلۆنی بۆ خۆیی بەکار دێنێت.
سێدارە
لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٤٤هاولاتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون، هۆکاری لەسێدارەدانی ئەو هاوڵاتیانە سیاسی، قەساس و مادە هۆشبەرەکان بووە. ئەوە لە کاتێک دایە کە لە تۆمەتگەلی وەک قەساس و مادە هۆشبەرەکان، حکومەتی ئێران دەرفەتی ئەوەئ هەبووە کە سزای دیکە کەڵک بگرێت و خەڵک نەکووژێت، بەڵام حکومەتی ئێران چەند گیراوی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە تۆمەتی سیاسی لەسێدارە داوە کە نیشان دەدەات ئەو حکومەتە ئامادە نییە هیچ بیر و ڕایەکی جیاواز پەسەند بکات.
گرتن و زیندان
بەپێی ئامارەکانی کۆکراوەکان و بە گشتی لەسەرەتای ساڵی نوێی زایینیەوە ٢٦٣ هاوڵاتی دەستبەسەر کراون. زۆربەی ئەو کەسانە چالاکی مەدەنی، سیاسی، ژینگەپارێز و رۆژنامەنووس بوون. جێی ئاماژەیە کە زۆربەی گیراوان بە شێوەی نایاسایی و بەبێ بەڵگەی ناوەندی قەزایی بووە. ئەو کەسانە بێ هۆ و تەنیا بە بڕیاری ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتیەکان دەستبەسەر کراون. ئەو کەسانە لە سەرەتایی دەستبەسەرکران دا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوون، لێپرسینەوەکان (بازجویی) بە لێدان، ئەشکەنجە و بێحورمەتی بەرێوە چووە. ناوەندە قەزایەکان لە کاتی دادگایی کردن دا مافی داکۆکی کردن لە خۆیی گیراوانی نەداوە و تەنیا تەئیدی بڕیاری ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەکانی کردوە.
کۆڵبەر و کاسبکار
لە ساڵی ٢٠٢٠ بە گشتی ٧٠ کؤلبەر و کاسبکار کوژراون و ١٧٦ کؤلبەر و کاسبکاریش بریندار کراون. زۆربەی ئەو کؤڵبەرانی بە هۆیی تەقەی راستەوخۆیی هێزە سەربازیەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. بەربوونە، رەق بوونە و کەوتن هۆکاری تری کوژران و برینداربڤوونی ئەو کۆڵبەرانەن. لە کۆیی هەمووی ئەو روداوانە هێزە سەربازیەکان تاوانباری سەرەکین. بی لێپرسینەوە تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و دەیان کووژن، حکومەت ئێران هیچ بەرگریەکی لەو کوشتنی بەئەنقەستە نەکردووە و پشتیوانی تەواوی ئەو هێزانەی کردوە. کوشتنی کۆڵبەران بە مانای کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتی واتا دەکرێت و تاوان دژی مرۆڤایەتییە.
خۆکووژی
لەم ساڵ دا بە گشتی ٨٤ کەس خۆیان کووشتوە یا کوژراون، کە بریتین لە ٤٦ کەس ژن و ٣٨ کەسیان پیاو. دواکەوتوویی، یاسایی ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران، بێکاری و فەقیری هۆکاری سەرەکی ئەو خۆکووژی و کوشتنانەن.
مین
لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە گشتی ١٢ کەس بە هۆیی تەقینەوەی مین بریندار بوون و ٨ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. زۆربەی ئەو مینانە لەکاتی شەڕی ٨ساڵەی ئێران و ئێراق لە کوردستان چێنراون و هێشتاش کۆنەکراونەوە.
ژینگە
ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی ترە کە ئەمسالیش زیانێکی زۆری بەرکەوت، هێزە سەربازی و چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بە ئاگردانی دارستانەکان، بەشێکی هەرە زۆری ئەو دارستانانەی لە ناو بردووە. مەریوان، سەوڵاوا، سەردەشت، پیرانشار، بانە و پاوە زەرەرمەندترین ناوچەکانی کوردستانن.
جیا لەو بەشانە دەبێ ئاماژە بکرێت کە ژیانی خەڵک زۆر ناخۆش بووە و بێکاری و فەقیری ژیانی لە خەڵک زۆر حەستەم کردووە. ئەوە بۆتە هۆیی کۆچی ڕادەبەدەری خەڵک و بە تایبەت گەنجان و لە درێژخایەن دەبێتە هۆیی سازبوونی کێشەی جیدی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێشێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، لەقاو بدەن و دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان