ورمێ؛ چوار شارۆمەند رادەستی گرتوخانە ئەمنیتیەکان کران

KMMK:

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە نێوان رۆژانی 24 و 25ی مانگی سەرماوەزی 2720ی کوردی، چوار شارۆمەندی خەڵکی شنۆ بە مەبەستی تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە رادەستی یەکێک لە گرتوخانە ئەمنیەتیەکانی ئێران لە شاری ورمێ کران.

ئومێد مەعروف، کەماڵ قویتاسی، موحەمەد خالید حەمزە پوور ورەحمان یۆسفی شارۆمەندانی دەستبەسەر کراوی خەڵکی شاری شنۆ بەمەبەستی تێپەڕاندنی قۆناغی لێپرسینەوە رادەستی یەکێک لە گرتوخانە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ کراون.

بە پێی راپۆرتەکە رۆژی سێ شەممە 25ی سەرماوەز، ئومێد مەعروف خەڵکی گوندی عەلی ئاوای سەربە شاری سەردەشت و رۆژی دووشەممە 24ی سەرماوەز سێ شارۆمەندی تر بەناوەکانی کەمال قویتاسی خەڵکی گوندی « چەم گوڵ»، موحەمەد خالید حەمزە پوور خەڵکی گوندی« خانلوڕ» و رەحمان یۆسفی خەڵکی گوندی« سوجە»ی سەربەم شارە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە لە شاری شنۆ دەستبەسەر دەکرێن و بە مەبەستی لێپرسینەوە رادەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ دەکرێن.

شایانی باسە کە, دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندانە بە بێ ئیزنی دادوەری بووە و ئەم شارۆمەندانە بێڕێزییان پێکراوە و لێیان دراوە.

تاکاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم چوار شارۆمەندە زانیاریەکی ئەوتۆ بەردەست نەکەوتوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان