KMMK:
شارۆمەندێک بەناوی« نایب( مەسعود) حاجی پوور» خەڵکی ورمێ لەلایەن بەشی 2ی دادگەی ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری ورمێ سزای 5 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسەکە, ناوبراو 16ی خەزەڵوەری 2719ی کوردی هاوکات لەگەڵ چوار شارۆمەندی دیکە بەناوەکانی« ئومێد سەعیدی، عەبدول عەزیز موحەمەد پوور، کامەران قاسمی و کەیوان رەشوزادە» بەبێ ئیزنی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر دەکرێن و بەمەبەستی لێپرسینەوە دەبرێنە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەو شارە.
دانیشتنی دادگەی مەسعود حاجی پوور رۆژی دوو شەممە 3ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە بەشی دووی دادگەی ئینقیلابی حکوومەت لەشاری ورمێ بەڕێوە چوو و سزای دەرکراو لەم رۆژانەی دوایدا بەناوبراو راگەیەندراوە.
بە پێی راپۆرتەکە؛ ئەم شارۆمەندە بە تۆمەتی هەوڵ دژی ئاسایشی گشتی لە رێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەم دادگەوە سزا دراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان