مێژوو بێننە بەر چاو، شەڕی ناوخۆیی جیا لە خەساری نەتەوەیی بەرهەمی تری نییە

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، کۆتایی بەو دۆخە مەترسیدارە بێنن و جارێکی تر گەلی کوردستان تووشی شەڕی ناوخۆ و قەیران نەکەن.

هەر وەک ئاگادارن لە چەند رۆژی ڕابردوودا مەترسی روودانی شەڕ لە نێوان ئەم دوو پارتە تا رادەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە و هەر کات مەترسی روودانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر هەیە.

بێگومان هیچ کوردستانیەک و ئازادیخوازێک لەگەڵ ئەو کارەساتە نییە و داواکارن کە لە لایەنەکانی ئەو نەهامەتییە کۆتایی بەو شەڕی ڕاگەیاندنە بێنن و بە زووترین کات بچنە سەر مێزی دیالۆگ و بە لێکتێگەیشتن کێشەکانی ناوبەریان چارەسەر کەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بڕوایەدایە کە روودانی هەر چەشنە شەرێکی ناوخۆیی تەنیا بە قازانجی داگیرکەرانە و خەون و هیوای ئەوان وەدی دێنێت و هیچ ئاکامێک جگە لە ماڵوێرانی و کوژرانی ڕۆڵەکانی ئەو نێشتمانەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە داوا دەکات بە زووترین کات کۆتایی بەو رەوشە نالەبار و پڕ مەترسیە بێنن.

هاوکات داوا لە پارلمانی کوردستان دەکەین، رۆڵی یاسایی و مێژووی خۆی بگێرێت و ئیزن نەدات هیچ لایەنێک بۆ بەرژەوەندی کاتی و حیزبی خۆی کەرامەتی گەل بشکێنێت و جارێکی تر بە شەڕێکی ناوخۆیی کوردستان بەرەو وێرانی ببات. پێویستە پارت و لایەنە سیاسیەکان بێدەنگی بشکێنن و هەموویان بەیەک دەنگ هەڵوێستی پێویست بنوێنن و بە دو لایەنی ئەو کێشەیە نیشان بدەن کە شەڕی کورد لە گەڵ کورد لە هیچ کەس و لایەنێک قبووڵ ناکرێت و دەبێ بە دیالۆگ و گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر کەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رای گشتی ئاگادار دەکاتەوە کە داگیرکەران بە تایبەتی تورکیا و ئێران هەوڵی جیدی دەدەن کە جارێکی تر کوردان بە دەستی کوردان لە ناو ببەن و لەو چەند رۆژەدا بە تەواو کەرەسە و ئیمکاناتی خۆیان هەوڵیان داوە ئاگری ئەو شەڕە خۆش کەن و جارێکی تر کورد بە شەڕێکی ناوخۆیی لەناو ببەن و دەستەمۆی کەن. بۆیە داواکارین کە گەلی کوردستان بەگشتی دژایەتی خۆیان بۆ هەر چەشنە شەرێکی لەم شێوەیە ڕابگەیێنن و ئیزن نەدەن کە ڕۆڵەکانیان لە شەرێک کە تەنیا بەرژەوەندی داگیرکەرانی تێدایە، بەشدار ببن و گیانیان لەدەست بدەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان