KMMK:
شەممە 12ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، دوو دەروێشی گونابادی بە ناوەکانی ئەمین عەلیزادە 31 ساڵ تەمەن و تەقی مورادی، 36 ساڵ تەمەن خەڵکی شاری ئاودانان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەو حکوومەتە لەو شارە ڕاگوازران.
ئەم دوو دەروێش و هاوڵاتییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و بە بێ ڕێزیەوە لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون.
شیاوی باسە کە ئەم دوو هاوڵاتییە دەستبەسەر کراوە تا ئێستە هیچ چەشنە پێوەندییەکیان لە گەڵ بنەماڵەکانیان نەگرتووە و چارەنووسیان نادیارە.
جێی باسه کە ئەم دوو هاوڵاتییە زستانی 2717ـیش لە گردبوونەوەی دەروێشەکانی گونابادی لە شاری گوڵستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون. لە ساڵی 2718 یش لە شاری ئیلام دەستبەسەر کران و بە مەبەستی شکاندنی کەسایەتیان، هێزە ئەمنییەکان قژ و سمێڵیان بە زۆر تاشیبوون.
لە ساڵی 2718 هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی ئازار و ئەشکەنجەی ئەم دوو دەروێشه، تەقی مورادی دەگوازنەوە بۆ بەندی ئەو زیندانیانەی سزاکانیان کوشتن و مادە هۆشبەرکانە و محەممەد عەلیزادەیش بۆ بەندی گەنجان دەگوازنەوە و لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەو هەبوونی کارتی تلەفوون بێبەری کرابوون.
تەقی مورادی لە دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری ئیلام بەتۆمەتی “بەشداری لە کۆڕی دەروێشانی گونابادی لە گوڵستان” بە 10 ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. کە 5 سالی بە پێی یاسا دەتواترێت جێبەجێ بکرێت. ئەمین عەلیزادەیش لە لایەن دادگای ئیتقلابی ئێران لە شاری ئاودانان بە7 ساڵ زندان مەحکووم کرابوو.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم دوو کەسەوە سەرجەم 185 هاوڵاتی لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


