KMMK:
چوارشەممە 9ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، چەند کۆڵبەر کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارکانی ئێران لە چەند شوێنی جیابەجیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیاری گەیشتوو؛ هێزە چەکدارەکانی ئێران لەشاری نەوسوود و سنوورەکانی دەوروبەری تەقەیان لە گرووپێک کۆڵبەر کرد و لەئاکامدا یەک خوێندکاری کۆڵبەر بە ناوی “سۆهەیب فردۆسی” بریندار کرا.
ئەو کۆڵبەرە خوێندکارە خەڵکی دزئاورەیە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی شاری کرماشان کراوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کرایەوە کە “مێهدی ڕەسووڵزادە” خەڵکی گوندی “بۆبانە”ی سەردەشت لە کاتی کۆڵبەری لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەقەی لێکراوە بە قوورسی بریندار بووە.
ناوبراو لە سنووری “کانی زەرد”ی سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناحیەی دەستیەوە بریندار بووە.
هەروەها لە سنووری “سەیرانبەند”ی بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکداریەکان بریندار و چەند کۆڵبەریش دەستبەسەر کران.
ئەو کۆڵبەرانە بەبێ هۆشداریدان تەقەیان لێکراوە. حکوومەتی ئێران زۆرجار ئەوەی ڕاگەیاندوە کە تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەرەکان دەکا و دەیانکوژێت.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی زاینییەوە تا ئێستا بە هەژماری ئەم حاڵەتانەوە 144 کۆڵبەر و کاسبکار لە لایەن هێزە چەکدار و سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان